Sunday, October 19, 2003

هه‌ڵبه‌ستی ده‌روون




هه‌رچه‌ند ئه‌كه‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌ستم
بۆم ناخرێته نێو چوارچێوه‌ی هه‌ڵبه‌ستم



لێكدانه‌وه‌ی ده‌روون قسه‌ی زبانم
بۆچی وه‌ها دوورن له‌یه‌ك نازانم



ئه‌مویست ده‌روون بكرایه‌وه وه‌ك تۆمار
ده‌ركاوتایه‌ دونیای جوانتر له به‌هار



ده‌ركه‌وتایه ئاواتی وا خه‌و بینین
پرشنگدارتر له ئه‌ستێره‌ی قوببه‌ی شین



ده‌ركه‌وتایه مانای مه‌نگی ده‌ریایی
كه نه‌رمه با له‌ڕووی ئه‌دا ئه‌سپایی



ده‌ركه‌وتایه ئه‌و دونیایه كه شیعری
بێ فرمێسكه‌و زۆرتر له فرمێسك ده‌گری



زه‌رده‌خه‌نه‌ی بێ ئاوێنه‌ی ده‌م‌و چاو
تیشكێك ئه‌دا ڕووناكتره له‌ هه‌تاو



به‌ڵام ئه‌فسوس كه ئه‌و شیعره جوانانه
باڵدارێكن جێ ناهێڵن هێلانه



له ناوه‌وه ئه‌جریوێنن ئه‌خوێنن
هه‌رگیز قه‌ڵه‌م به كاغه‌زا ناهێنن



 مامۆستا گۆران