Wednesday, October 15, 2003

Getting Emotional
له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی پێشتر باسم كردبوو، تایبه‌ت به ئاش به‌تاڵی بڵاگی كوردی و هتد، ده‌مه‌وێ شتێك بڵێم. خۆ لێره باس له‌وه‌دا نییه من، ئێمه، ڕۆژی چه‌ند میوان سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و میوانه‌كانمان چییان به دڵه بۆیان سازبكه‌ین تا بگه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌وه منم خۆم پڕ له پارادۆكس، ڕۆژێك دڵم ته‌نگه‌و ڕۆژێك حه‌زده‌كه‌م باسی سێكس و بامیه خواردن بكه‌م. ئه‌و كات، كاتێ ئه‌رشیڤه‌كه‌م ده‌خوێنمه‌وه، هه‌ستده‌كه‌م مرۆڤم. ده‌زانی مرۆڤ چییه؟ چاوێك به‌و كه‌سانه بخشێنه‌وه كه له كوردستان، وڵاتی تریش، باسی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن یان مامۆستای زانكۆن. سه‌یریان كه ده‌ڵێی ڕۆبۆت-ن، ده‌ڵێی ژیان تیایاندا وشكبۆته‌وه. منیش ده‌توانم بڵێم، كابرایه‌كم خوێندوومه‌و ده‌توانم كارێكی وا و وا وا بكه‌م و پانتۆڵ و كۆلبێرتێك بكڕم و له‌ باسی سیاسه‌ت و قسه‌ی زل زل هیچی تر نه‌كه‌م. به‌ڵام ئه‌وكات هه‌ستناكه‌م مرۆڤ بم. 
هیچ ڕۆژێكیش تاقه‌تی ئه‌وه‌م نییه بزانم چه‌ند كه‌س به‌رده‌قانی ده‌خوێننه‌وه، به‌س نییه kurditgroup مانگی نیوملیۆن hit وه‌رده‌گرێت؟ جا هه‌ر بۆیه‌ش باس له‌سه‌ر ژماره‌ی میوان نییه، خودا ده‌یكرد رۆژی 0 میوان ده‌هات، هه‌ر بۆ ئه‌م 0 میوانه‌ش به دڵی خۆم ده‌نووسم. یانیش له‌مه‌ودوا با ژووره‌كه‌م پڕكه‌م له‌ ره‌سمی ڕووت و چیڕۆكی مێبازیتان بۆ بگێڕمه‌وه تا میوانانم دڵیان بگه‌شێته‌وه، بۆ من ئه‌كرۆباتم؟ یان كلاونی سێركێكی ڕووسیم؟
مه‌به‌ست لێره‌دا، بوونی بڵاگه وه‌ك دیارده‌یه‌كی ئه‌م سه‌ده‌یه‌یه‌ی ئنته‌رنێت و بێبه‌ش نه‌بوونی كورد لێی. له هه‌مان كاتیشدا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا لێره‌وه ده‌ستمان به نووسین كرد، خه‌ریكن وازدێنن یان وازیان هێناوه، كه واده‌كات چاوم نه‌گرێت سه‌ردانی بڵاگه‌كه‌ی خۆشم بكه‌م تا شتێك بنووسم، له‌وه‌ ده‌چێت جارێكی تر به‌یه‌ك نه‌گه‌ینه‌وه. به‌هه‌ر حاڵ، تا فرمێسكه‌كان دانه‌به‌زیون، ئه‌وه جارێ لێره‌ین، تا خودا ده‌رگایه‌ك له ئێمه‌ی كۆیله‌ش ده‌كاته‌وه.