Tuesday, October 19, 2004

ڕۆژی هه‌ینی چووبووم بۆ زه‌ماوه‌ند. جا تا من گه‌یشتمه‌ شاری دوسلدۆرف، به‌م ره‌مه‌زانه‌، ئاره‌قه‌ی ڕه‌ش و شینم کرد. خه‌ریک بوو له‌ ڕێگا بشمرم له‌ برسان، خوا نه‌کات شه‌یتان گوێت که‌ڕبێت.

وه‌ڵلا چیت لێ بشارمه‌وه‌ زۆر هه‌ڵپه‌ڕیم، له‌ جیاتی ئێوه‌ش. سێ پێی نه‌بوو، هه‌ر هه‌مووی کرمانجی گڤه‌گڤی ده‌هات.

زۆری پێ نه‌چوو، بڵێم سه‌عات حه‌وت ده‌بوو، یه‌ک و بتڵ ویسکییان بۆ هێناین. بۆ فه‌تار ده‌ست نادات.

که‌س نه‌بوو ده‌نکێک خورمام بۆ بێنێت.



جارێ دوو سێ کچی لێ بوون، له‌ شایی، لووت به‌رز، وتم ئه‌مان کێن، وتیان سه‌یریان مه‌که‌ کچی دکتۆرن. ئه‌رێ باشه‌ پیاو بۆی نییه‌ سه‌یری کچی دکتۆر بکات؟

نا نا جوان نییه‌.



له‌ هه‌مووی خۆشتر، له‌پڕ سره‌ گیرا بۆ پاره‌دان و زێڕ پێوه‌کردن. ئه‌وه‌نده‌یان زێڕ پێوه‌ کرد ئه‌وه‌نده‌یان زێڕ پێوه‌کرد، تا خودای ته‌باره‌کولته‌عالا گوتی به‌س. ده‌ڵێی قوله‌ڕه‌شه‌کانی ڤیدیۆ کلیپی mtv بوو.

کچینه‌ گوێ بگرن، من زێڕو شتی وام نییه‌، پاره‌شم نییه.



پیاوێکیش وه‌ستابوو، به‌ربووک، له‌ میکرۆفۆنه‌که‌ هاواری ده‌کرد:‌ ماڵی حه‌مه‌ ئۆجاغ: 200 ئێورۆ. ماڵی که‌ریم تورکوتئۆزال :‌50 ئێورۆ، ماڵی خانم قه‌ره‌دینیزلی : 20 ئێورۆی ڕیک.



نازانم ئه‌مانه‌ تورک بوون، یان ناوه‌کانیان وابوون.



زۆر عه‌یب بوو، هه‌ر حه‌یامان چوو.



که‌سیش نه‌هاته‌ ده‌ستم. ده‌بوایه‌ منیش بچمه‌ سره‌که‌وه‌:‌ به‌رده‌قانی یه‌ک کیلۆ پیرخه‌نی و جاجمێکی سه‌وز.

هه‌ر به‌ڕاست، خۆ من زۆر قۆزم، که‌سیش نه‌هاته‌ ده‌ستم. ده‌ی خۆ کچی کورد حه‌زیان له‌ گه‌نجی قۆز نییه‌.



ئه‌وه‌ش له‌ بێ به‌ختی خۆیانه‌.