Sunday, December 21, 2003

دووباره جه‌ژنی له دایكبوونی عیسای كوڕی مریه‌می كاڕك و نوێبوونه‌وه‌ی ساڵ نزیكبووه‌وه. سه‌یره ده‌ڵێین عیسای كوڕی مریه‌م و ناڵێین كوڕی وێسف. ئه‌م دیارده‌یه‌ له ناو كورده‌واریش باوه، زۆر كه‌س هه‌ن به ناوی دایكیان ده‌ناسرێنه‌وه. ئێستا فێمینیسته‌كان لێم ده‌كه‌ونه بۆڵه‌بۆڵ، ده‌ڵێن جا چییه ئه‌گه‌ر به ناوی دایك بناسرێته‌وه؟ ده‌باشه خۆ منیش هیچ مه‌به‌ستێكم نییه.
له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌م جه‌ژنه دونیا و دوكانه‌كان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێن. باشه كێرست-مان كه لای ئێمه به بابا-نوئێل ده‌ناسرێت جلی سووره، بۆیه ئه‌م ڕه‌نگه له زیاتر له هه‌موو ڕه‌نگه‌كانی تر بۆته سیمبۆلی جه‌ژنی سه‌ری ساڵ. به‌ڵام دوكانه‌كانی فرۆشتنی جلی-ژێره‌وه به‌هه‌مان شێوه هه‌موو ڕه‌نگه‌كانیان سوور ده‌كه‌ن. مه‌مكدانی سوور، ده‌رپێی سوور، گۆره‌وی سوور، سوخمه‌ی سوور، ده‌رپێ سه‌رخه‌رمانی سوور، پێڵاوی سوور، گوریسی سوور، قامچی سوور. نازانم مه‌به‌سته‌كه چییه؟ به‌ هه‌ر حاڵ هه‌لێكی باشه بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی كه ده‌نكه‌كانیان هێشتا به ده‌رپێی سوور نه‌بینیوه. به‌م ده‌رپێ سووره‌وه له ژێر داری كریستماس و ئاگردان، له‌ده‌ره‌وه‌ش به‌فر باریوه‌و زۆر سارده، جا ئه‌و كات دوعاكردن بۆ عیسای كوڕی مریه‌م حه‌قه. لێی نزیك به‌وه‌ و بڵێ عیسا سه‌د ره‌حمه‌ت له خۆت و باوكت.
ئێستا فێمینیسته‌كان ده‌كه‌ونه‌وه بۆڵه بۆڵ و ده‌ڵێن قسه‌ی قۆڕ. قسه‌ی قۆڕ نییه،ئه‌گه‌ر قازانجی نه‌بێت بۆ خاوه‌ن دوكانه‌كان، ئه‌وانیش ئه‌م كاره ناكه‌ن و شتی سوور نافرۆشن. ئه‌و فێمینیسته‌كه‌ی كه ده‌ڵێ من نایكڕم و هه‌ر ده‌رپێ گه‌وره‌كه‌ی به‌قه‌د چادرێك ده‌كه‌مه به‌ر، بزانه كێ زه‌ره‌ر ده‌كات. له‌‌وانه‌یه شه‌وێكت له ده‌ست بچێت، له هه‌موو ژیانتدا خه‌ونت پێوه نه‌بیبێ.

ده‌ی خۆ به‌ من چی؟ شوكور نه دارم هه‌یه و نه‌كه‌سیش له به‌رده‌م ئاگردان چاوه‌ڕێم ده‌بێت.